سەربەخۆیی و ئیختیاری مرۆڤ، هەر لەو بژار و دەستچنانە دایە کە خوای بانی سەر پێی بەخشیوه.  کە هەم دەتوانێ بەرەوئاستی ئاژەڵ دابەزێ و تەنانەت لەویش بێ نموودتر و قێزەونتر بێ. لەلایەکی تریشەوە بەرەو ئاستی مەلایک و سەروەری، هەڵکشێ و پلەی لەویش باڵاتر ببێتەوە و بگاتە ئەو جێگایەی کە دەبێتە هۆی بانگێشتی خوای بانی سەر «یا ایتها النفس المطمئنه ارجعی الی ربک راضیه المرضیه فادخلی فی عبادی و ادخلی جنتی» ئەی ڕێزلێگرتن و هەڵنانەوە لەوە زیاتر چۆنە؟

لە وڵاتی میسر، مامۆستایەکی خواردەمەنی کێشت لێنان بە ناو ئوسامە زەید، کە لەو کارەدا وەستایەکی چازان و هوونەرمەند بووە. هەموو ڕۆژێ لەسەر مێدیایەکی گشتی، شێوەی دروستکردنی خواردەمەنی و خۆراک، بە زمانێکی ساکار و خۆش دەڵێتەوە. نێوبانگی وڵاتی میسری داگرتبوو و کەس دەستی سێحراوی ئەو خۆشەویستە لەیاد ناکا و تام و بۆنی خۆراکەکەی ئەویان لەسەر زارە.

پێش مەرگی، لە نووسراوەیەکدا داوای لە خەڵک کردبوو کە بۆ خاتری خودا کە مردم، لەیادم مەکەن. لە دوعا و پاڕانەوکانتان بێ‌بەشم مەکەن. لەسەر ژەم خواردن وەبیرتان بێمەوە. ئێوە چۆن نیازتان بە دەست ڕەنگینی و شارەزایی من بووە منیش دوای مەرگ، ئاوا چاوم لە پاڕانەوە و زمانی بەخێری ئێوەیە. پاڕانەوەکانی ئێوە، بارگرانی تاوانەکانم سووک دەکا. سوێند بەخوا شەووڕۆژ، هەوڵمداوە کە بەرنامەکەم لەو پەڕی جوانی و دەوڵەمەندی دابێ. هەمیشە بە دڵ پێم خۆش بووە هەرچی دەیزانم فێری ئێوەشی بکەم . هەرگیز، چەڵخووسی و ڕەزیلیم لە کارەکەمدا بەکار نەهێناوە. 

ڕۆژی مەرگی ئەو مامۆستا بەڕێزە، خەڵکی میسر  زۆر دڵ بەخەم بوون و بە پەرۆشیوە هاتبوونە سەرقەبران و ماڵاواییان لێ دەکرد.

ئافرەتێکی گەنج لەسەر گۆڕەکەی بە کوڵ دەگریا و شینی دەگێڕا. هەواڵنێران وایانزانی کەسێکی نێزیکی سەرئاشپەزە بۆیە ئاوا فرمێسک دەڕێژێ. کاتێک لێیان پرسی وتی من جارێکی دی هەتیو بوومەوە. ئەو هەموو کەس و کار و فریشتەی نەجاتدەرم بوو.

ڕابردووی خۆی باس کرد کە لە بنەماڵەیەکی هەژاردا گەورە بووە کاتێکیش شووی کردووە لە ماڵداری و چێشت لێناندا کڵۆڵ و دەست و پێ سپیلکە بووە و هەر بەو هۆیەوە کەسوکار و ماڵێ 

 خەزوورەی، وەبەر توانج و پلاری دەدەن و سەرکۆنەی دەکەن و دەبێته گاڵتەجاڕی نێو ئافرەتان و چەن جاریش پەنای بردۆتە بەر خۆکوشتن.

 

دەڵێ کاتێک لەگەڵ بەرنامە بەپێزەکەی مامۆستا ئاشنا بووم، ژیانی منی گۆڕی و بوومە کابانێکی دەست ڕەنگین. تام و چێژ و جوانی خواردەمەنیەکانم نێوبانگیان کرد و قەدر و مەزەندەم بەرز بۆوە. ئەو سەرکەوتنە و حورمەتەی کە ئێستا هەمە هەمووی دەسکەوتی مامۆستا ئوسامەیە و ئەو منی لە دەربەدەری و بێ حورمەتی و توانج و پلار و بێ دایک و باوکی ڕزگار کرد. هەرچەند قەتیش لە نێزیکەوە نەمدیوە. ئەی جاچۆن فرمێسکی بۆ هەڵنەڕێژم و خەم دام نەگرێ، ئەو هەموو کەسی من بوو!

 

چاکسازی، گەڵێک جۆگە و دێراوی لێ دەبێتەوە. مرۆڤ دۆستی و دڵ زوڵاڵی و خەمخۆری بۆ گیانلەبەران، لق و پۆی چاکسازییە.

هەر تاکێکی کۆمەڵگە، لە ئاست خۆی دەست ببزێوێ و بارێک لەسەر شانی خەڵک سووک کا بە متمانەوە، ژینگەیەکی خۆش و پڕ لە خۆشەویستیمان دەبێ. 

هەرکەس بەپێی ئەو توانایی و ئەو دەست ڕەنگینیەی کە هەیەتی دەکرێ  ژیانی سەدان و بگرە هەزاران، لێقەوماو و دابڕاو لە ژیان، ڕزگار بکا بێ ئەوه‌ی کەس ببینێ و ئەوانیش پێبزانن. ئەوە شێوازی ڕەسەنی ژیانی پێغەمبەرانە کە بێ چاوەڕوانی بەرامبەرەکەت، وەک تیشکی هەتاو، وڵات ڕووناک کەی و وەک چۆڕاوکەی باران، بەسەر هەموو جەستەی زەوی داباری و دایشۆی!